ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 27-3-2020، نزیکەی 70 زیندانی لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرگای زیندانەکەیان شکاند و هەڵاتن.
به گوتەى چالاکوانێکی سەقز :"شەڕ لەنێوان زیندانییان و پاسەوانانی بەندینخانەکە روویداوە، زیندانییان دەرگای بەندینخانەکەیان شکاندووە و هەڵاتوون.
ئەو چالاکوانە ئەوەشی گوت، هێزە ئەمنییەکان چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ئەو زیندانییانە لە هەڵاتنیان.
سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان رێگە سەرەکییەکانی ناو شاری سەقز، ئەو رێگانەی دەچنەوە سەر زیندانی ناوەندیی سەقزیان گرتووە و لێکۆڵینەوە دەکەن.
تاوەکو ئێستا ئامارێکی وردی ئەو زیندانییانە لەبەردەست نییە کە هەڵاتوون، بەڵام بە گوتەی ئەو چالاکوانە نزیکەی 70 زیندانی دەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەیەک لەمەوبەر لە پارێزگای لۆڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرژی و ناڕەزایی لە دوو زیندان دروستبوو بەهۆیەوە 21 زیندانی هەڵاتن و زیندانییەکیش کوژرا.