زەید رەجەب ـ ناوەندی هەۆاڵ ـ لـوژیـکـ
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی نەخۆشانی ناوچەكە، نەخۆشخانەی بالیسان بانگەوازێكی بەپەلە رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوەدەكات، بەبڕیاری قایمقامی قەزای شەقلاوە ڕێگای نێوان بالیسان-شەقلاوە بەکۆنکرێت داخراوە و ڕێگا نادرێت تەنانەت حالەتە کتوپڕەکان بەئەمبولانسیش لەنەخۆشخانەی بالیسانەوەبگوازرێنەوە بۆ فریاکەوتنەکانی شاری هەولێر.
لە راگەیەنراوەکەی نەخۆشخانەی گشتی بالیساندا هاتوە، بەبڕیاری قایمقامی شەقڵاوە ماوەی زیاتر لە 48 کاتژمێرە رێگای هاتوچۆی نێوان بالیسان و شەقڵاوە بەڕوی جوڵە تیمە پزیشکییەکانیان و ئەمبوڵانسەکانیاندا داخراوە، لەو ماوەیەشدا سێ حاڵەتی کتوپڕ رویداوە و نەتونراوە بگەیەنرێنە شاری هەولێر.
ئەوەش هاتوە، لە هیچ یاسایەکدا ناکرێت رێگری لە کاری تیمە پزیشکییەکان و ئەمبوڵانسەکان و حاڵەتە کتوپڕەکاندا بکرێت، دوای ئەوەی پەیوەندیشیان بە وەزیری ناوخۆوە و لایەنی پەیوەندیدار کردوە بۆ زانینی هۆکاری ئەو بڕیارە، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ بێ ئاگایی خۆیان لە وەها بڕیارێک دەربڕیوە.
بێدەنگ نابین لەئاست ئەم زوڵمە، باکیشمان بەهیچ سزایەک نیە لەسەر ئەو بابەتە
لە راگەیەنراوکەدا ئەوەش هاتوە، "بێدەنگ نابین لەئاست ئەم زوڵمە، باکیشمان بەهیچ سزایەک نیە لەسەر ئەو بابەتە"، بانگەوازیش لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن ئەم بابەتە بەهەند وەربگرن.
دەقی راگەیەنراوەکەی نەخۆشخانەی گشتی بالیسان:
بەبڕیاری قایمقامی قەزای شەقلاوە ڕێگای نێوان بالیسان-شەقلاوە بەکۆکرێت داخراوەو ڕێگا نادرێت تەنانەت حالەتە کتوپڕەکان بەئەمبولانسیش لەنەخۆشخانەی بالیسانەوە بگوازرێنەوە بۆ فریاکەوتنەکانی شاری هەولێر، دوای ئەوەی بەڕێزیان پێی ڕاگەیاندین فرمانەکە لەوەزیری ناوخۆوە دەرچوە، پەیوەندیمان بەبەڕێز وەزیری ناوخۆکردوە و بەڕێزیان ئاگاداری باردۆخەکە نەبوە و بڕیارەکە لای ئەو دەرنەچوە.
هەموو خەڵکی کوردستان باش دەزانێت تا ئێستا هیچ یاسایەک بونی نیە ڕێگا بەئەمبولانس بگرێت لەکاتی گواستنەوەی حالەتی کتوپڕ، بەداخەوە قایمقامی شەقڵاوە بەبڕیارێکی تایبەت رێگاکەی بەکۆنکرێت گرتوە، ئێمە بێدەنگ نابین لەئاست ئەم زوڵمە، باکیشمان بەهیچ سزایەک نیە لەسەر ئەو بابەتە، لێرەوە بانگەواز دەکەین خەڵکی ناوچەکە ئەم بابەتە بەهەند وەربگرن وئێمە لەنزیکەوە ئاگاداری کێشەکانی خەڵکی خۆمانین کە پێویستیان بە تیمی پزیشک وئەمبولانسەکانی نەخۆشخانەکەمان هەیە.
تا ئەم دەقەیە لەماوەی تەنیا 48 کاتژمێردا سێ حاڵەتی کتوپڕو نەزیف بون ڕویان لەنەخۆشخانەکەمان کردوە و نەتوانرەوە بگەینرێنە فریاکەوتنەکانی هەولێر، وەزیرە بەڕێزەکانی پەیوەندیدار بەم بارودۆخە ئاگادار کراونەتەوە و ئەوانیش بەهیچ جۆرێک ڕازی نین بەداخستنی رێگا بەدەم ئەمبولانس وحالەتە کتوپڕەکان.
لێرەوە رایدەگەینین تا کردنەوەی ئەم رێگایە بۆ ئەمبولانسەکانمان بێدەنگ نابین وبابەتەکە دەبێت بگات بەبەڕێزان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردسان وبەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت،هەروەها باهەمو خەڵکی کوردستان وناوچەکەش بزانێت، دوێنێ پێنج شەممە چوینە بەردەم بەڕێزیان لەقایمقامیەتی شەقلاوە داوامان لێکرد تەنیا دوو خولەک گفتوگۆبکەین زۆر بەتوندی داواکەی ڕەتکردینەوەوئامادەنەبوو تەنیا دووخولەک گوێ ڕابگرێت بۆمان کەوەک بەڕێوەبەری نەخۆشخانەو تیمی تەندروستی نەخۆشخانەی گشتی بالیسان سەردانمان کردبو و ویستمان کێشەکانی ئەمبولانس وپزیشک وکارمەندەکان وخەڵکی ناوچەکە لەنزیکەوە بگەینین بەڵام بێ هیچ وتەیەک ڕەتی کردوە گوێمان بۆبگرێت.
هۆکارەکەشی ئەوە بوو بابەتێک لەلاپەڕەی تایبەتی بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەکەمان بڵاوکرابویەوە لەفەیسبوک تێیدا داوای کرد ئەو ئاستەنگیەیی بۆ ئەمبولانسەکانمان وتیمی پزیشکی دروست بوە چارەسەر بکرێت، وادیارە بابەتەکەمان بەڕێزیانی دڵگران کردبو، بەڵام گوێنەگرتن وبەدەمەوە نەهاتنی بەڕێزیان ئێمە سارد ناکاتەوە، داوا لەهاوڵاتیانی ئازیزو خەمخۆرو دڵسۆزانی ناوچەکە بەگشتی دەکەین هاوکارمان بن وبابەتەکە بەهەند وەربگرن.
پێویستە بەڕێز قایمقامی شەقڵاوە ئەوە باش بزانێت تیمی پزیشکان وئەمبولانس وحاڵەتە کتوپڕەکان یان حاڵەتە گوماناوییەکانی توشبو بەڤایرۆسی کۆڕۆنا بەهیچ یاسایەک رێگایان لێناگیرێت وناکرێت بەدو ئەمبولانس ودو تیمی جیاواز یەک نەخۆش بگوازرێتەوە وەک جەنابیان داوای کردبوو لەچیایی زینەتیر حالەت تەواریەکان لەڕێگای نەخۆشخانەی هەریرەوە وەربگیرێن، خۆئەگەر خوانەخواستە حالەتێکی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەبێت ئەوکات چی وکێ بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت وچۆن دەکرێت لەڕێگای دوو تیمەوە بگوازرێتەوە.