پێنتاگۆن داوای لە فەرماندە سەربازییەکانی کردووە پلانێک بۆ زیادبوونی رۆڵی سەربازییانەی ئەمریکا لە عێراق دابڕێژن و هەفتەی رابردووش فەرمانێکی دەرکرد کە تێیدا داواکراوە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک بۆ تێکشکاندنی گرووپێکی چەکداریی عێراق نزیک لە ئێران بکەن.
فەرمانەکەی پێنتاگۆن داوای لە پلانداڕێژەران لە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا و عێراق کردووە ستراتیژیەتێک بۆ وەستاندنی کار و ئۆپەراسیۆنەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە عێراق دابڕێژن و ئاماژەی بەوەشکردووە، دەکرێت ئێرانییەکانیش بکرێنە ئامانج، ئەگەر لەگەڵ ئەندامانی سەربازیی کەتائیبی حیزبوڵڵا بینران.
فەرمانەکە لەکاتێکدایە، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێراندا گوشارێکی گەورەی لەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە دروستکردووە. ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپیش، لەوانە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵات و رۆبەرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێیانوایە، ئەو بارودۆخەی ئێران دەرفەتێکە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەناو عێراق لەبواری سەربازییەوە هێرشیانبکرێتەسەر و تێکبشکێنرێن.
ژەنەڕاڵ رۆبەرت وایت ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەو جۆرە ئەوە دەخوازێت هەزاران سەربازی دیکەی ئەمریکی بنێردرێنە عێراق. ئامانج لە بەکارهێنانی کەرەستە سەربازییەکانیش لە راهێنان بە هێزە عێراقییەکان بۆ بابەتێکی دیکە گۆڕانی بەسەردا دێت.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەیان بە چەند ئەنجامێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە کردووە. بۆ نموونە، بەرپرسانی عێراق دەکەونە بارودۆخێکەوە کە دەبێت لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا یەکێکیان هەڵبژێرن.
ئەم داوایەی پێنتاگۆن لە فەرماندە سەربازییەکانی دوای ئەوە هات، سەرەتای ئەم مانگە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی تاجی لە نزیک بەغدا و لە ئەنجامدا دوو سەربازی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی کوژران و رۆژی دوای ئەوەش ئەمریکا لە رێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە وەڵامی دایەوە