سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتە دەرنەچێت، ئەوا سەرقاڵی کاری دیکە دەبێت، بەڵام هەڵنەبژاردنەوەشی بە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە بە خراپ دەزانێت.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، رکابەریی خۆی و جۆ بایدن و خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگەی رەشپێستەکانی کرد.
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ترەمپ بە نیازە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بدزێت.
ترەمپ وەڵامی دایەوە و گوتی "جۆ بایدن خۆی لە خوارەوەی کۆمەڵگە قەتیس داوە و ناشتوانێت لەو بیروبۆچوونانەی بێتە دەرەوە، ئەوەش شتێکی خەمناکە". سەبارەت بە رکابەریی خۆی و بایدن بۆ سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ترەمپ دەڵێ "هەڵنەبژاردنەوەم بە سەرۆکی ئەمریکا شتێکی خراپ دەبێت، چونکە دیموکراتەکان لە زۆربەی کەیسەکاندا هیچیان لەباردا نییە".
ئامادەکردن: محمد سورچی