سەعدوون قۆڵۆ ناسراو بە (سەعدوون زەرۆ)، چالاکوانی سەر بە ماڵی ئیزدییان لە شنگال رایگەیاند: " لە ساڵی 2014 ەوە وتا ئیستا زولم و زۆری لە شنگال بەردەوامە و هەموو شاخەکانی شنگال لە لایەن پەکەکەوە کە بە ناوی جیاجیا لە شنگالن، هەڵکەندراون و دەیان تونێلیان لێدراوە و هاتووچۆی هاووڵاتییانیش قەدەغە کراوە.
زەرۆ لە باسی کارەکانی پەکەکە لە شنگال ئاشکرایکرد: " پەکەکە سەدان گەنجی کوردی ئێزیدی رفاندوو و بە هیچ شێوەیەک رزگاریان ناکات و هەتا کەسوکاری رفێندراوەکان ئامادەن هەزاران دۆلاران بدەن بۆ رزگارکردنیان، بەڵام پەکەکە رازی نییە بەرئازدیان بکات. هەندێک لەو گەنجانە لە نێو زیندانەکانیان دەستەسەرکراون و هەندێکیشیان رەوانەی قەندیلکراون."
سەبارەت بە هەبوونی زیندانی ژێرزەمین لە شنگال، ئەو چالاکوانە گووتی: "بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، پەکەکە لە (قەرەچکۆل)ی سەر چیای شنگال زیندانێکی ژێرزەمینی دروستکردووە و دیوارەکانی سەرەوە بە رەنگی سور بۆیاخکردووە ولە سەرەوەی پەنجا گەنجی ئیزیدی تێدا زیندانیکردووە و لە نێو زیندانەکەشدا گلۆپی سور هەیە و ئەو گەنجانە بیناییان بەهۆیەوە لە دەست داوە"
راشیگەیاند: " پەکەکە گوێرایەلی هیچ کەسێک ناکات و هێزە عێراقییەکان لە شنگال داواکارییەکانمان ناگەیینە حکومەتی بەغدا وکارگێڕی ئێستای شنگال کە لە لایەن میلیشیاکانەوە پشتگیری لێدەکرێت کەوتووەتە ژێر رکێفی گەفەکانی پەکەکە.
ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد، لە دوای هەر خۆپیشاندانێکمان، " پەکەکە هەڕەشە لە بەشداربووان دەکات کە نابێت لە دژیان خۆپیشاندان بکەن ئەگینا دەستەسەر دەکرێن". هەروەها گووتی: " پەکەکە هەوڵ دەدات بە رێگای دابەشکردنی پارە، خەڵک بێدەنگ بکات"