بەهۆی گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، یۆنان و تورکیا لێدوانی تووند دژ بە یەک دەدەن، ئەمەش تەنها رۆژێک دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لەو مزگەوتە.
ئەردۆغان دوێنێ هەینی لە ئایا سۆفیا گووتی، ئەوانەی دژی گۆڕینی ئایا سۆفیان بۆ مزگەوت، دژی موسوڵمانان و تورکیان.
دوای ئەوە یۆنان ناڕەزایی دەربڕی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، جارێکی دیکە یۆنان دژایەتی خۆی بۆ ئیسلام و تورکیا دەربڕی ئەمەش تەنها بەهۆی ئەنجامدانی نوێژە لە ئایا سۆفیا.
هەروەها بە تووندی ئیدانەی لێدوانەکان لە ئاستی حکومەت و پەرلەمانی یۆنان و سوتانی ئاڵای تورکیا لە شاری سالۆنیک کرد.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەدەی 21، دووچاری سەرسوڕمان بوون بەوجۆرە هاندانە زۆرە ئایانی و نەتەوەییەی ئێستا لە تورکیا هەیە،هەروەها کریاکۆس میتسۆتاکیس، تورکیا بە دروستکەری کێشەکان ناوبرد.
تورکیا و یۆنان پێشتریش لەسەر سنووری ئاسمانی و دەریایی لە قوبرس کێشەیان هەبووە و ناکۆکییەکانیان دێرینە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت کە پێشتر کلێسای ئۆرسەدۆکسەکان بوون، یۆنان بەیانی هەینی، لە تەواوی کلێسکان، زەنگی خەمناکی لێدا.
ئامادەکرن:یاسـر کەشـانـی