ئێران هێزێکی زۆری هێناوەتەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران دەڵێت، ئامانجیان لێدانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە خاکی باشووری کوردستان. هەروەها هۆشداریی دەدات لەئەگەری هەر جموجۆڵیک هێرشیاندەکرێتەسەر.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران بە ئاماژەدان بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژانی رابردوو گوتی، ئەمساڵ ئامادەییان هەیە بنکەکانی ئەو هێزانە لە نزیک سنوور و شوێنەکانی دیکەش بکەنە ئامانج.
پاسداران چەند رۆژێکە دەستیکردووە بە گواستنەوەی هێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان مەریوان و پێنجوێن لەسنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. خەڵکیشیان ئاگادارکردووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی ناوچەی چل چەمە و بەرزاییەکانی نەکەن
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئێران لە ناوچەکانی چل چەمە، دووبرا و سوڵتان، مەڕدارەکانیان دەرکردووە و لە شەوی رابردووەوە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەسەر ئەو ناوچانەدا دەسووڕێنەوە. بەیانی ئەمڕۆش بۆ ماوەی زیاتر لە 2 کاژێر، سنوورەکانیان تۆپباران کردووە.
ئامادەکرن:یاسـر کەشـانـی